ڕاپۆرتێک لەسەر لەسێدارەدانی لانی کەم ١١ بەندکراو لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز

٢٠ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٨:٥١

هەنگاو؛ هەینی ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سزای لەسێدارەدانی شەش بەندکراو بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" و پێنج بەندکراوی دیکە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، لە بەندیخانەی قزڵحیسار و بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا. لانی کەم چوار لەو بەندکراوانە هاووڵاتی کورد و بەلووچ بوون. هەروەها سزای لەسێدارەدانی ژنێک بەشێوەی کاتی ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای لەسێدارەدانی کامەران سەقایی، خەڵکی خوڕەماوا، ئەحمەد نارویی تەمەن ٣٣ ساڵ و محەممەد ئیسحاقزەهی، تەمەن ٣١ ساڵ، دوو بەندکراوی بەلووچ و خەڵکی زاهیدان، سەعید سەفایی و سەتار خوسرەوی، دوو بەندکراوی کورد خەڵکی هەرسینی کرماشان هەموویان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە و هەریەک لە ئارمان هیدایەتی، مەهدی زارعی و محەممەد سادقنیا بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە بەندیخانەی قزڵحیسار جێبەجێ کراوە.

هاوکات سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی مەجید ئەفرووز تەمەن ٥٢ ساڵ، محەممەد مەشموول تەمەن ٤٠ ساڵ و ئیبراهیم سەدیق تەمەن ٤٥ ساڵ کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج کە حکومەت بە "نەدامەتگای ناوەندی" ناوی دەبات، جێبەجێ کراوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە سزای لەسێدارەدانی ژنێکی بەندکراو بە ناوی زەهرا یەحیازادە، کە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین بە مەبەستی جبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترابوو، بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسێردراوە و گەڕێنراوەتەوە بۆ بەندیخانەی قەرچەک.

هەروەها چەند ڕاپۆرتێک لەسەر لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە هەمان ڕۆژدا بڵاوکراونەتەوە کە بەدواداچوونەکانی هەنگاو دەریدەخەن کە هیچ هاووڵاتییەکی ئەفغانی لەم ڕۆژەدا لەسێدارە نەدراوە و ئەم دوو بەندکراوە هەفتەیەک پێش سزای سێدارەیان جێبەجێ کراوە و هەواڵەکانیان لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە