دیاریکردنی بارمتەی سەد میلیاردی بۆ پێدانی مرەخەسی بە مەحموود سادقی، بەندکراوی سیاسیی کورد

٢١ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٠:٣٣

هەنگاو؛ شەممە ٢١ی ڕەزبەری ٢٧٢٤
 
مەحموود سادقی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی کامیاران و برای هاوژینی حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسی کە لەسێدارە دراوە لە بەرەبەری چوونە ناو نۆیەمین ساڵی دەستبەسەرانی هەروا لە مافی سەرەتاییەکانی خۆی بێبەشە و بە تازەیی بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە بۆ وەرگرتنی مرەخەسی بارمتەی ١٠٠ میلیارد تمەنییان دیاری کردووە.
 
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەحموود سادقی، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، ٧ ساڵ و ١١ مانگ و ٢٥ ڕۆژی ڕابردووی بە بێ وەرگرتنی مورەخەسی لە دەستبەسەریدا بەسەر بردووە.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی سادقی لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە، " لە بەرەبەری چوونە ناو نۆیەمین ساڵی دەستبەسەرکردنی مەحموود سادقی هێزە ئەمنییەکان بۆ پێدانی مرەخەسی چەند ڕۆژە داوای بارمتەی قورسی ١٠٠ میلیاردیان لە ناوبراو کردووە."
 
هەنگاو پێشتر بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی یەکنەگرتنی بەئەنقەستی دوو سزای بەندکرانی مەحموود سادقی، تا ئێستا پێدانی مرەخەسی بە ئەم بەندکراوە سیاسییە ناڕوونە. مەحموود سادقی،  چەندین جار داوای گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی کامیاران کردووە بەڵام بەهۆی کۆسپ دروستکردنی ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕێگای بەرپرسانی بەندیخانە ئەم مافە سەرەتاییەی لێ زەوت کراوە.
 
ئەم بەندکراوە سیاییە سەرەتای مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٩، لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بۆ تۆمەتی "بەشداری لە بەغی" سزای ٢٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
 
مەحموود سادقی لە ڕەزبەری ٢٧١٩، بۆ تۆمەتی "بەشداریکردنی لە کوشتن و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" لە لایەن لقی ١ی دادگای تاوانەکانی یەکی پارێزگای سنە سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
 
ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧١٦ (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦)، لەگەڵ هاوسەری خوشکەکەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە سێدارە دراوە، لە ماڵی بنەماڵەیی خۆی دەستبەسەر کرا.
 
ناوبراو دوای دەستبەسەرکرانی بۆ ماوەی سێ مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ژێر گوشاری دەروونی و جەستەیی بوو و لە کۆتاییدا بۆ بەندیخانەی کامیاران گواسترایەوە. ناوبراو دوای ٥ مانگ، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە و هەروەها لەم بەندیخانەیە دایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە