بەندیخانەی ناوەندیی سنە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی محەممەد کەریمی، بەندکراوی سیاسیی کورد

١ بەفرانبار ٢٧٢٤، ٢٣:٤٢

هەنگاو؛ شەممە ١ی بەفرانباری ٢٧٢٤

محەممەد کەریمی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە ماوەی ٤ ساڵ و ٧ مانگ و ٢٥ ڕۆژی ڕابردووی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە و دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەدا تێپەڕ کردووە، تا ئێستا لە مافی مەرەخەسی بێبەش بووە و سازکردنی دۆسیە و سەپاندنی سزا بەسەر ئەو هاووڵاتییە بە پێشێلکرانی سەرەکیترین مافەکانی و لەژێر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونیی ناوبراو لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ڕوویداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد کەریمی، بەندکراوی سیاسی تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی بانە، باوکی دوو منداڵ و تۆمەتباری "بەشداری لە بەغی" ماوەی ١٧٠٠ ڕۆژی ڕابردووی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە لە بەنددا بووە و لەو ماوەدا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی بێبەش کراوە.

محەممەد کەریمی و دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری بانە بە ناوەکانی محەممەد فەیزی و باست کەریمی ڕۆژی ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٥ی ئەپریلی ٢٠٢٠) و یووسف ئەحمەدی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕ (٢٦ی ئەپریل) لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرابوون و دوای تێپەڕکردنی ماوەیەکی زۆری دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترانەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی" سزای ٢٥ ساڵ بەندکران و باست کەریمی و محەممەد فەیزی بە هەمان تۆمەت هەر یەک سزای ٢٠ ساڵ بەندکران، و یووسف ئەحمەدی بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای "ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ئەو سزایانە ڕۆژی ١٢ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو بەو بەندکراوانە ڕاگەیەندرا.

دۆسیەسازکردن و سەپاندنی سزا بەسەر ئەو هاووڵاتییە و سێ هاودۆسیەیی ناوبراو، باست کەریمی، محەممەد فەیزی و یووسف ئەحمەدی بە تەواوی لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و پێشێلکردنی سەرەکیترین مافەکانیان وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بووە.

شایانی باسە کە، ئەو هاووڵاتییە شەوی لەدایکبوونی منداڵەکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو و دۆسیەکەی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە لەژێر گوشاری وەزارەتی ئیتلاعات، بە بەڵێنی ئازادی و دیتنی منداڵەکەی لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی لێپرسەکانی و قبووڵکردنی ئەو تۆمەتانەی درابووە پاڵی، کراوەتەوە.

ئەو بەندکراوانە لە ماوەی دەستبەسەربوون و پرۆسەی دادگاییکردنیاندا لە کەمترین مافی داکۆکی لە خۆیان بێبەش بوون و ئەو سزایانە تەنیا بە لەبەر چاوگرتنی ڕای ناوەندە ئەمنییەکان بەسەریاندا سەپێندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە