ڕاپۆرتێک لەسەر بێبەش کردنی فەریاد قادری، بەندکراوی سیاسیی کورد لە مافی مرەخەسی و گواستنەوەی ناوبراو بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە

هەنگاو؛ چوار شەممە ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٥
فەریاد قادری، هاووڵاتیی خەڵکی سەوڵاوا، کە لە یەک ساڵ و حەوت مانگ پێشەوە لە ڕاستای جێبەجێ کرانی سزای پێنج ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە. ناوبراو بە ڕێگری ڕێکخراویی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە مافی مرەخەسی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش ماوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (١٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥)، فەریاد قادری، هاووڵاتیی ٤٩ ساڵە و خەڵکی گوندی کۆلیژ سەر بە شاری سەوڵاوا، لە سێ ڕۆژ پێشەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی قادری، ئەم بەندکراوە سیاسییە بە ڕێگری ڕێکخراویی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەتا ئێستا لە مافی وەرگرتنی مرەخەسی، بێبەش کراوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە پاش دەستبەسەر کران، سەرەتا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە و سێ مانگ دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان گواسترابوویەوە. ناوبراو پاش تێپەڕ بوونی زیاتر لە یەک ساڵ و نیو، جارێکی دیکە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە.
هەنگاو پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە، فەریاد قادری ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١٠ی مارسی ٢٠٢٤)، پاش بانگکردن بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە دەستبەسەر و لە ڕاستای جێبەجێ کرانی دەورانی سزاکەی بۆ بەندیخانە گواسترابوویەوە.
فەریاد قادری ساڵی ٢٧٢٢ لە لایەن لقی باسکراو بە تۆمەتی «هاوکاری و ئەندامێتی لەگەڵ حیزبی ژیانەوەی ئازادیی کوردستان (پژاک)» سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.