ڕاپۆرتێک لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد و مەترسیی جێبەجێکردنی دووەمین سزای سێدارەی سەپاو بە سەر ناوبراودا

١٩ خەرمانان ٢٧٢٦، ١٤:٠٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٦

سزایەکی سێدارەی یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی بانه و ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە کە زیاتر لە شەش ساڵی ڕابردووی بەبێ تەنانەت یەک ڕۆژ مورەخەسی لە بەندیخانەدا تێپەڕاندووە، هەڵوەشایەوە و بۆ ١٠ ساڵ بەندکردن گۆڕدرا. ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکەدا سزای سێیدارەی هەیە و مەترسیی جێبەجێکرانی ئەو سزایە لەئارادایە. ڕەوتی سەپاندنی سزای سێدارە دژ بەم بەندکراوە سیاسییە بە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکان و لەژێر ئەشکەنجەی دژواری جەستەیی و ڕوحیی دامەزراوە ئەمنییەکاندا ئەنجام درابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٦ (٣ی سێپتەمبەری ۲۰۲۶)، یەکێک لە سزاکانی سێدارەی یووسف ئەحمەدی کە لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە و بە تۆمەتی «قیساس» دژ بە ناوبراو دەرچووبوو، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی پارێزگای کوردستان (سنە) هەڵوەشایەوە و بۆ پێدانی دیە و هەروەها ١٠ ساڵ بەندکردن گۆڕدرا. بەم حاڵەشەوە ناوبراو هێشتا مەترسیی جێبەجێکرانی سزایەکی سێدارەی لەسەرە کە پێشتر و لە دۆسیەکەی جیاوازدا بەسەریدا سەپابوو.

دووەم سزای سێدارە بە تۆمەتی «بەغی» لە ماوەی ساڵانی ٢٧٢٣ و ٢٧٢٤دا دوو جار لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵاوە بە سەرۆکایەتیی «نیری» پشتڕاست کراوەتەوە و پارێزەرانی بۆ جاری سێیەم داواکاریی پێداچوونی دادڕەسیی ئەم سزایه بۆ دیوانی باڵا ڕەوانە کردووە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە خەزەڵوەری ٢٧٢٣ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی قازی سەعیدی به تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی «ئەندامێتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران» سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

ڕەوتی دۆسیەسازکردن دژ بە یووسف ئەحمەدی و سەپاندنی سزای سێدارە بۆ ناوبراو بە پێشێلکاریی ئاشکرای بنەماکانی دادڕەسیی دادپەروەرانە ئەنجام دراوە و دانپێدانانە پاڵدراوەکان بەم بەندکراوە سیاسییە کە لەژێر ئەشکەنجەی دژواری جەستەیی و ڕوحی و لە دۆخی گوشاری بەردەوامی دامەزراوە ئەمنییەکاندا وەرگیراون، بوونەتە بنەمای سەرەکیی پێکهێنانی دۆسیە و دەرکردنی سزای سێدارە بە سەر ئەو بەندکراوە.

دانپێدانانی زۆرەملێ لە یووسف ئەحمەدی لە دۆخێکدا ئەنجام دراوە کە چەند بڕبڕەیەکی پشتی لە ئەنجامی ئەشکەنجەدا زیانیان بەرکەوتووە و چەندین جار لە ئەنجامی کوتەککاری بە کێبڵی بەرق بێهۆش بووە. هەروەها هێزە حکوومەتییەکان بە هەڕەشەی ئازارگەیاندن بە کەسوکاری، هەوڵیان داوە ناوبراو ناچار بە قبوڵکردنی تۆمەتەکان بکەن.

یووسف ئەحمەدی لە کاتی دەستبەسەرکردندا بریندار بووە و پێشتریش لە بەشی قۆڵییەوە تووشی شکان ببوو، بەم حاڵەشەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنەدا هیچ جۆرە پێڕاگەیشتنێکی پزیشکیی گونجاوی بۆ نەکراوە. ناوبراو پێشتریش بە هۆی نەخۆشیی فێ (صرع) لەژێر چاودێریی پسپۆڕی دەمار و ڕواندا بووە، بەڵام لە ماوەی قۆناغی لێپرسینەوەدا لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەر بێبەش کرابوو.

سێ هاووڵاتیی دیکەی پەیوەندیدار بەم دۆسیەیەوە بە دۆسیەیە تۆمەتی «بەشداری لە بەغی» بە حوکمی قورس و بە گشتی بە ٦٥ ساڵ بەندکردن مەحکووم کراون؛ محەممەد کەریمی بە ٢٥ ساڵ بەندکردن، باسیت کەریمی بە ٢٠ ساڵ بەندکردن و محەممەد فەیزی بە ٢٠ ساڵ بەندکردن مەحکووم کراون و ئەم سزایانه ڕۆژی ١٢ی خەرمانانی ساڵی ٢٧٢٣ پێیان ڕاگەیەندراوە.

ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە لە قۆناغە جیاوازەکانی لێپرسینەوە، دادڕەسی و تەنانەت دوای گواستنەوەیان بۆ بەندیخانە، لە سەرەتاییترین مافە یاساییەکان، لەوانە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەش کراون.

یووسف ئەحمەدی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕی (٢٦ی ئەپریل) و محەممەد کەریمی، محەممەد فەیزی و باسط کەریمی ڕۆژی شەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٥ی ئەپریلی ٢٠٢٠) لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژیی دژوار دەستبەسەر کران و دوای تێپەڕاندنی سەردەمی درێژخایەنی دەستبەسەری لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنەدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراونەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە