فەرزاد موعەزەمی گودەرزی ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکان سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٢١ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٠:٤٩

هەنگاو؛ هەینی ٢١ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

فەرزاد موعەزەمی گودەرزی، خەڵکی بروجێرد سەر بە پارێزگای لوڕستان و خاڵۆزای ڕەزا موعەزەمی گودەرزی لە گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانەکانی خەزڵوەری ساڵی ٢٧١٩، دوای ٦ مانگ دەستبەسەرکران لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فەرزاد موعەزەمی گودەرزی، ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکان لە لایەن لقی ٢٩ دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر عەلی مەزڵووم، بە تۆمەتی "پێکهێنانی کۆبوونەوە لە دژی ئاسایشی وڵات" سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

فەرزاد موعەزەمی گودەرزی ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٤ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری بروجێرد دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ناسراو بە گرتنگەی وەزارەتی ئیتلاعات گواستراوەیەوە و لەو کاتەوە لە بەندیخانەی ئێڤین دەستبەسەر کراوبوو.

فەرزاد موعەزەمی گودەرزی، پێشتر ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر و دوای دوو هەفتە بۆ بەندیخانەی بروجێرد گواسترابوویەوە. ئەم هاووڵاتییە دادخوازە لە قۆناغی یەکەمی دەستبەسەرکردنەکەیدا دوای زیاتر لە مانگێک دەستبەسەر و لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە