بانە، بەردەوامی دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی سینەماکاری کورد ڕەزا عەلایی
هەنگاو، شەممە ٢١ی ڕەبەزی ٢٧٢٤
بە تێپەڕبوونی مانگێک لە دەستبەسەرکرانی ڕەزا عەلایی، هاووڵاتیی کورد و دەرهێنەر و سینەماکاری خەڵکی شاری بانە تا ئێستا دۆخی یاسایی ناڕوونە و زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەزا عەلایی دەرهێنەر و سینەماکار تەمەن ٤٣ساڵە و خەڵکی شاری بانە ٣٢ڕۆژی ڕابردووی بە بێ هیچ هەواڵێک لە دەستبەسەردا بەسەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ڕەزا عەلایی، ئەم دەرهێنەرە لە ماوەی دوای دەستگیرکردنی تەنیا یەک پەیوەندی کورتی هەبووە، لەو تەلەفۆنەشدا ڕایگەیاندووە کە ئاگاداری شوێنی ڕاگرتنەکەی نییە.
ڕەزا عەلایی، سینەماکار، چەندین فیلمی کورت و درێژی بەرهەمهێناوە، یەکێکیان لەژێر ناوی "زەوییە پیسەکان" ، سەرکەوتوو بووە لە بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی (کەن).
شایەنی باسە کە، ڕەزا عەلایی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤) لە کاتی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان لە بانە دەستبەسەر کرابوو.