بۆکان؛ سەپاندنی سزای ١٠ مانگ بەندکران بەسەر مەنیژە خۆشنوود

٢٢ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٤:٢٤

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو هاوینی ئەمساڵ بۆ ماوەی ٣٧ ڕۆژ دەستبەسەر کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا، مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتیی تەمەن ٥٦ ساڵی خەڵکی بۆکان لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ئەو شارەوە بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

شایانی باسە کە، مەنیژە خۆشنوود ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی لە بۆکان و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرابوو. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە ماڵەکەیان پشکنیبوو و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتبوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ئاکامدا ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، دوای ٣٧ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە