زیادبوونی ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز بۆ شەش کەس

٢٣ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢٢:١٤

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٣ ڕەزبەری ٢٧٢٤

بە ئاشکرابوونی ناسنامەی چوار بەندکراوی دیکە کە ڕۆژی یەکشەممە لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز لە سێدارە دراون، ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو لەم بەندیخانەیدا گەیشتە شەش بەندکراو. هەموو ئەم بەندکراوانە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی شەش بەندکراو بە ناوەکانی فەرهاد سەلیمی، عەلی شیروانی، عزەت حەیدەری، کازم سەعدیپوور، ڕەزا نامداری و حوسێن حەیدەری لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز (بەندیخانەی عادل ئاوا) جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هەریەک لە عزەت حەیدەری تەمەن ٣٥ ساڵ، لە پێنج ساڵی پێش، عەلی شیروانی تەمەن ٢٨ ساڵ، لە چوار ساڵی پێش و فەرهاد سەلیمی تەمەن ٢٧ ساڵ لە سێ ساڵی پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و لە دۆسیەی جیادا دەستبەسەرکراون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو.

هەروەها، کازم سەعدی پوور، ڕەزا نامداری و حوسێن حەیدەری کە لە بەندیخانەی پیربەنوو بۆ بەندیخانەی عادل ئاوا گواستراونەتەوە و پێشتر بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.

جێ ئاماژەیە کە، کازم سەعدی پوور و ڕەزا نامداری سێ ساڵ پێش لە دۆسیەیەکی هاوبەش و حوسێن حەیدەری چوار ساڵ پێش بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەرکراون.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو شەش بەندکراوە لە میدیاکانی حکومەت و بەتایبەتی میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە