جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز
هەنگاو؛ چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بەناوی ئەمروڵڵا دێهقان، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز (بەندیخانەی عادڵئاوا) جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی ئەمروڵڵا دێهقان، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی شاری کوار سەر بە پارێزگای فارس لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز جێبەجێ کرا.
ئەو بەندکراوە پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی دوو برا لە سەر کێشەی زەوی و زار دەستبەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای دوو جار لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.