ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز
هەنگاو؛ چوارشەممە ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان بە ناوی نیزامەدین نورەلحەق، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز (بەندیخانەی عادڵئاوا) جێبەجێ کرا. ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراوی ئەفغانستانی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا گەیشتووەتە ٦٣ کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی نیزامەدین نورەلحەق، تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی یەک لە گوندەکانی مەزار شەریف و دانیشتووی شیراز لە بەندیخانەی عادڵئاوای ئەو شارە جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە لە یەک ساڵ پێشترەوە بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ی زایینییەوە تا ئێستا لانی کەم ٦٣ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.