بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو

١١ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢٢:٤١

هەنگاو؛ چوارشەممە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی نیما مورادی، نوسرەتوڵڵا منەتی و مەهدی خرسان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلە بەیانی سێشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی نیما مورادی و نوسرەتوڵڵا منەتی، دوو بەندکراوی کورد و خەڵکی ئیلام و مەهدی خرسان بەندکراوی عەرەب و خەڵکی دەشت عەباسی دێلۆڕان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نیما مورادی دوو ساڵ پێش و نوسرەتوڵڵا منەتی و مەهدی خرسان و لەم ساڵانەی دواییدا بە تۆمەتی وەکوو "کوشتنی بەئەنقەست" لە دۆسیەگەلی جیاواز بە سزای سێدارە مەحکووم کراون.

هەروەها ئەم سەرچاوەیە وتی کە بەندکراوێکی دیکە بەناوی تالب سەیف، خەڵکی دەشت عەباسی دێلۆڕان کە لەگەڵ ئەم سێ بەندکراوەدا بە مەبەستی جیبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوویەوە، بۆ پێنجەمین جار گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانە. ناوبراو بە تۆمەتی کوشتن سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا نزیکەکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە