جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی هەشت بەندکراو لە بەندیخانەکانی بوجنوورد، ماهشەهر، قووچان، دامغان، فردەوس، زەنجان، شیراز و ئیلام
هەنگاو؛ هەینی ١٤ سەرماوەزی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی هەشت بەندکراو بە ناوەکانی کەرەم خودا سێپێهری، ئەمین مەهدەوی، ئیسفەندیار زەکیپوور، فەرشید کەرەمی، عەزیز شێخی، ئەمیر ڕەزا محەممەدی، حامید کەزازی و مەلەک گەرایی، کە پێشتر بە تۆمەتەکانی «کوشتنی بە ئەنقەست» و «پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان»، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی ماهشەهر، بوجنوورد، قووچان، دامغان، فردەوس، زەنجان، شیراز و ئیلام جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی کەرەم خودا سێپێهری و ئەمین مەهدەوی، هاووڵاتی عەرەب، خەڵکی ماهشەهر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەست، لە بەندیخانەکانی بجنورد خوراسانی باکوور و ماهشەهر لە پارێزگای خوزستان جێبەجێ کرا.
لە لایەکی دیکەوە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٢ی دیسەمبەر)، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی ئیسفەندیار زەکیپوور، فەرشید کەرەمی و عەزیز شێخی، هەرسێکیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانەکانی قووچان خوراسان ڕەزەویی، دامغان و فردەوس لە پارێزگای خوراسانی باشوور جێبەجێ کرا.
هاوکات هەر لەم ڕۆژەدا سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی ئەمیر ڕەزا شاه محەممەدی، هاووڵاتیی تورک و خەڵکی زەنجان، مەلەک گەرایی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئیلام هەردووکیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و حامید کەزازی بە هۆی تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانەکانی زەنجان، ئیلام و عادڵئاوای شیراز جێبەجێ کراوە.
هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوانە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیاکانی حکوومەتی بەتایبەت میدیاکانی نزیک بە دەزگای دادوەریی بڵاو بەکراوەتەوە.