جێبەجێکردنی سزای سێدارەی محەممەدرەزا حوسێنی، فەردین خانی و فەرشید جەمیاری لە بەندیخانەکانی ئیلام، بێهبەهان و قەزوێن

٢٩ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١٦:٢٦

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

سزای سێدارەی سێ بەندکراو، لەوانە دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی محەممەدرەزا حوسێنی، فەردین خانی و فەرشید جەمیاری، کە پێشتر بە تۆمەتەکانی "کوشتنی بە ئەنقەست" و "تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان"، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەکانی ئیلام، بێهبەهان و قەزوێن جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی محەممەدرەزا حوسێنی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.

هاوکات لە هەمان ڕۆژدا سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بە ناوی فەردین خانی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتن سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی بێهبەهان لە پارێزگای خووزستان جێبەجێ کرا.

لەلایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی کرماشان بە ناوی فەرشید جەمیاری، لە بەندیخانەی ناوەندیی قەزوێن جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوە لە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە، بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە