بۆکان، زارا ساجدی‌نیا سزای ١٠مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا

٢٤ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٢:٤٧

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٤ی ڕەبەری ٢٧٢٤

زارا ساجدی‌نیا، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان کە گەلاوێژی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری‌ئیسلامی‌ئێرانەوە سزای ١٠مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەو دواییانەدا زارا ساجدی‌نیا، هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ساڵە و خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕژێم» سزای ١٠مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئەو سزایە لە ٨ی ڕەبەزەوە بە شێوەی فەرمی بەناوبراو ڕاگەیەندراوە.

بەگوێرەی ئەو بڕیارە، زارا ساجدی‌نیا ٢٠ڕۆژی مۆڵەت هەیە کە ناڕەزایەتی خۆی لە بڕیارەکەی دادگا دەرببڕێت.

شایەنی باسە کە، زارا ساجدی‌نیا ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٣١ی جولای ٢٠٢٤)، دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگای ئەم دامەزراوە ئەمنییەتییە لە ئورمیە گوازرابووەوە. ناوبراو دوای چەند ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا تەواو بوونی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە