بۆکان؛ بەردەوامی دەستبەسەری و نادیاری چارەنووسی خەبات ئێراندووست

٢٤ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢٣:٣٧

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر دەستبەسەرکرانی خەبات ئێراندووست، هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری بۆکان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، خەبات ئێراندووست، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان، تەمەن ٤٣ ساڵ و باوکی منداڵێک، ١٤ ڕۆژی ڕابردووی لە شوێن و بارودۆخێکی نادیاردا لە دەستبەسەری ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر بردووە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، خەبات ئێراندووست لەم دواییانەدا لە مافە سەرەتاییەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو بێبەش کراوە.

هەروەها، تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە بنەماڵەی خەبات ئێراندووست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی و باری یاسایی دۆسیەکەی نەدراوە.

شایانی باسە کە، ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەر (٢ی ئۆکتۆبەر) لە شوێنی کارەکەی لە شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە