ئورمیە؛ دەستبەسەرکرانی حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی کورد لە لایەن پۆلیسی ئەمنیەت

٢٦ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢١:٥٨

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی ئورمیە دوای بانگکران و سەردانکردنی بۆ پۆلیسی ئەمنیەتی ئەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئورمیە دوای بانگکران و سەردانکردنی بۆ پۆلیسی ئەمنیەتی ئەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە بە هۆی بڵاوکردنی بابەتگەلێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە.

شایانی باسە کە، هێزەکانی پۆلیسی ئەمنیەت سەرەتا هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی ئەم هاووڵاتییە و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری ماڵی ناوبراویان پشکنیوە. لە کۆتاییدا بەهۆی نەبوونی حەمید چەپاتی لە ماڵ نەیانتوانی دەستبەسەری بکەن و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بانگی ئیدارەی پۆلیسی ئەمنیەت دەکرێت.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە