ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکردنی دانیال محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی دانیال محەممەدی، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی سنە، دوای تێپەڕبوونی ٩ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە، هێشتا لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکاندا دەستبەسەرە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دانیال محەممەدی خەڵکی گوندی تەنگیسەر ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (١١ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە لە سنە دەستبەسەرکراوە.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، دانیال محەممەدی دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەک بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا، تەنیا سەرکەوتوو بووە لە ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی زۆر کورت لەگەڵ بنەماڵەکەی و تەنیا دەستبەسەرکرانی خۆی ڕاگەیاندووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان و شوێنی وردی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەردەستدا نییە. ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.