ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ١١ بەندکراو لە بەندیخانەکانی هەمەدان، شیراز، مەشهەد، قوم، دێزفول و ئیسفەهان

٢٦ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢٢:٤٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٦ی ڕەزبەر ٢٧٢٤

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سزای سێدارەی لانی کەم ١١ بەندکراو لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران لەوانە بەندیخانەکانی وەک هەمەدان، شیراز، مەشهەد، قوم، دێزفول و ئیسفەهان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، جێبەجێ کراوە. دوو کەس لەم بەندکراوانە بەندکراوی کورد بوون و کەسێک خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلە بەیانی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی خەڵکی ئیسفەهان بە ناوەکانی عەباس کەریمی تەمەن ٣٦ ساڵ و محەممەد نەجەفی تەمەن ٣٥ ساڵ کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان جێبەجێ کرا.

هاوکات سزای سێدارەی عەبدولقادر، خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان و بەنکراوێکی دیکەی خەڵکی سەفادەشتی سەر بە پارێزگای تاران کە ناسناوەکەی لە لایەن هەنگاو لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم جێبەجێ کرا. ئەم دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و بە سزای سێدارە مەحکووم کرابوون.

لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم و هاوکات، سزای سێدارەی دوو بەندکراو لەوانە بەندکراوێکی کورد بە ناوی نورموراد گەراوەند خەڵکی شاری کویەشت و بەندکراوێکی دیکە بە ناسناوی سەنجەری لە بەندیخانەی چووبیندەری قەزوین جێبەجێ کرا. ئەم دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها، سەرلە بەیانی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ئەم مانگە سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی مەجید جەشلوو لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم جێبەجێ کرا. مەجید جەشلوو تەمەن ٣٥ ساڵ کە سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی

"کوشتنی بەئەنقەست" دەستبەسەر و لە کۆتاییدا لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە بەندکراوێکی خەڵکی شیراز بە ناوی موحسین موختاری کە پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و بە سزای سێدارەی مەحکوم کرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز (بەندیخانەی عادل ئاوا) جێبەجێ کرا.

هاوکات سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی ڕەسووڵ فەیلی لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان (بەندیخانەی ئەلوەند) جێبەجێ کراوە. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

لە بەندیخانەی دێزفول، سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ و خەڵکی شاری سەردەشتی سەر بە پارێزگای خووزستان بە ناوی ڕامین محەممەدوەند جێبەجێ کراوە. ئەم بەندکراوە پێشتر لە شەڕێک لە شەقامدا دەستبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

لە درێژەی شەپۆلی لەسێدارەکان، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەزبەر (١٤ی ئۆکتۆبەر)، بەندکراوێک بە ناوی عەلیڕەزا خەشاوێپوور کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپەندرابوو، لە بەندیخانەی وەکیل ئاوای مەشهەد لە سێدارە دراوە.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم ١١ بەندکراوە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکومەتییەکان بە تایبەت میدیا نزیکەکانی دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە