جێبەجێکردنی سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لە گرتووخانەکانی بوجنوورد فیردەوس، ساری و ڕەشت

٥ بەفرانبار ٢٧٢٥، ٠١:٥٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥

سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لەوانە دوو بەندکراوی گیلەک و بەندکراوێکی کورد بە ناوەکانی ئەمین سەفاری، حیشمەت بەیگی، مەجید خانی، سۆهراب مەجیدی و مستەفا کەیفەری کە پێشتر بە تۆمەتەکانی "کوشتنی ئەنقەست" و "پێوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان"، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە گرتووخانەکانی بوجنوورد، فیردەوس، ساری و ڕەشت جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی ئەمین سەفاری و حیشمەت بەیگی، هەردوو بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان، لە بەندیخانەکانی بوجنوورد سەر بە خووراسانی باکوور و فیردەوس سەر بە خووراسانی باشوور جێبەجێ کرا.

هاوکات لە هەمان ڕۆژدا سزای سێدارەدانی بەندکراوێکی گیلەک بە ناوی مەجید خانی، خەڵکی ساری سەر بە مازەندەران بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست، لە گرتووخانەی ساری جێبەجێ کرا.

لەلایەکی دیکەوە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢٤ی دیسەمبەر)، سزای سێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی مستەفا کەیفەری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کەنگەڤەری سەر بە کرماشان و سۆهراب مەجیدی، هاووڵاتیی گیلەک، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی ساری لە گرتووخانەی لاکانی ڕەشت جێبەجێ کرا. سۆهراب مەجیدی لە چوار ساڵ پێش ئێستاوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و مستەفا کەیفەری یش بە هەمان تۆمەت دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو. سزای سێدارەدانی سۆهراب مەجیدی بە شێوەیەکی نهێنی جێبەجێ کراوە و ناوبراو لە دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی سێدارەدانی ئەم بەندکراوانە لە میدیا حوکوومییەکان بەتایبەت میدیاکانی پێوەندیدار بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیەندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە