زیاتربوونی ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

٢٨ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١١:٥٢

هەنگاو؛ شەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

هاوکات لەگەڵ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی ناسر محەممەدی، سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی ئەمیر سولەیمانی، کە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی ئەمیر سولەیمانی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری ئورمیە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەمیر سولەیمانی هاوکات لەگەڵ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بەناوی ناسر محەممەدی بووە کە پێشتر هەواڵی لەسێدارەدرانی ناوبراو میدیایی کرابووەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە دوو ساڵ پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە