سەقز؛ دەستبەسەرکرانی عەبدوڵڵا شەریفزاد بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

٢٩ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٧:٣٦

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

عەبدوڵڵا شەریفزادە، هاووڵاتیی کورد و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی شاری سەقز بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای دە مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، عەبدوڵڵا شەریفزادە، هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی شاری سەقز دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای شۆڕشی ئەو شارە دەستبەر کرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای ١٠ مانگ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

عەبدوڵڵا شەریفزادە، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد مستەفایی، بێ‌ئامادەبوونی خۆی لە دادگا و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت و بە قازانجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" لە ڕێگای چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، داوای پێداچوونەوەی عەبدوڵڵا شەریفزادە بە سزاکەی لە لایەن دادگای شۆڕشی سنەوە ڕەت کراوەتەوە و دوای دەرکردنی سزاکەی هێزە ئەمنییەکان چەندین جار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و شوێنی کاری ئەو هاووڵاتییە.

شایانی باسە کە، عەبدوڵڵا شەریفزادە زستانی ساڵی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای یەک ڕۆژ بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە دەستبەسەرگە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە