بەندیخانەی ناوەندیی قوروە؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی مەهدی چراغی

١ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١١:٣٣

هەنگاو؛ سێشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی مەهدی چراغی، بەندکراوی کورد و خەڵکی شاری قوروە، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی قوروە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی مەهدی چراغی تەمەن ٣٤ ساڵ کە ڕۆژی ڕابردوو بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی قوروە گواسترابۆوە، لەو بەندیخانەدا جێبەجێ کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی چراغی، مەهدی چراغی حەوت ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی پیاوێکی تەمەن ٦٤ ساڵ بەناوی مەحموود ڕەزایی دەستبەسەر کرابوو و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو حەوت ساڵی ڕابردووی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە تێپەڕ کردبوو و دوو حەفتە پێشتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی قوروە گواسترابوویەوە.

شایانی باسە کە، مەهدی چراغی لە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژ (٢٢ی جولای)، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە کە بە وەرگرتنی دەرفەتێکی سێ مانگە بۆ ژووری گشتی گەڕێندرایەوە.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە