قوروە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی پێژمان ساعیدی، گەنجی ٢١ ساڵە بەپێی یاسای «قەسامە»
هەنگاو؛ هەینی ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی پێژمان ساعێدی کە پێشتر لە پڕۆسەیەکی دادگاییکردنی ناڕوون و بەپێی ڕێسای یاسایی «قەسامە» بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، دوای پێنج مانگ لەلایەن هەنگاوەوە ئاشکرا دەکرێت. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکراندا تەنیا ١٨ ساڵ تەمەنی هەبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٢ی جەنیوەری ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی پێژمان ساعێدی، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری قوروە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کراوە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، پێژمان ساعێدی لە ساڵی ٢٧٢٢، لە کاتێکدا کە تەمەنی ١٨ ساڵ بوو، بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» لەلایەن هێزەکانی ئینتیزامییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.
هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە، لە کاتێکدا بەڵگەی باوەڕپێکراو، بەرچاو و یاسایی (وەک دانپێدانانی ڕاشکاو، شایەتیی شایەتانی دادپەروەر یان بەڵگەی دیجیتاڵ و یەکلاکەرەوە) لە دۆسیەکەیدا بوونی نەبوو، دادگای تاوانەکانی پارێزگای کوردستان تەنیا بە پشتبەستن بە ڕێوڕەسمی «قەسامە» (سوێندخواردنی خزم و کەسوکاری کەسی کوژراو) سزای سێدارەی ناوبراوی دەرکرد کە ئەم سزایە بە تەواوی لە دیوانی باڵای وڵات پەسەند کرا.
ناوبراو ٣ ساڵ لە ماوەی بەندکرانی خۆی لە بەشی گەنجانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە بەسەر برد و نزیکەی یەک هەفتە پێش جێبەجێکردنی سزاکە، بۆ جێبەجێکردنی کۆتایی بە شێوەیەکی لەناکاو بۆ بەندیخانەی ناوەندیی قوروە گواسترایەوە.
بە هۆی بارودۆخی داخرانی ئەمنی و پچڕانی بەربڵاوی ئینتەرنێت لە ناوچەکە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، هەواڵی جێبەجێکردنی ئەم سزای سێدارەیە بە ٥ مانگ دواکەوتن لەلایەن هەنگاوەوە پشتڕاستکرایەوە و میدیایی کرا. تا ئێستا هیچ کام لە میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەری ئەم سێدارەیەیان ڕانەگەیاندووە.
«قەسامە» یەکێکە لە لاوازترین ڕێگاکانی سەلماندنی کوشتن لە فیقهی ئیسلامی و یاسای سزادانی ئێراندا کە لە کاتی نەبوونی شایەت و دانپێداناندا، تەنیا لەسەر بنەمای گومان و سوێندی خزم و کەسوکاری سکاڵاکار ڕادەوەستێت. دەرکردنی سزای سێدارە بەپێی سوێندەکانی خزمایەتی، پێشێلکردنێکی ئاشکرای ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پرەنسیپی بێتاوانییە.