جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی حەوت بەندکراو لە کەرەج

٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١١:٤٧

هەنگاو؛ چوارشەممە، ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

لانی کەم حەوت بەندکراو لەوانە بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان کە پێشتر بە تۆمەتی وەک تاوانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و "فساد فی الارض" لە ڕێگەی ئامادەکردن و دابەشکردنی خواردنەوە کحولییە ژەهراویەکانەوە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەکانی قزڵحیساری کەرەج و بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی محەممەد کوشکی تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی کۆیەشت و باباخان جەعفەری تەمەن ٦٥ ساڵ و خەڵکی نوورئاوا سەر بە پارێزگای لوڕستان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. هاوکات سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان کە ناسنامەکەی لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، جێبەجێ کرا.

ئەم سێ بەندکراوە پێشتر لە دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەرکران و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوبوو و هەنگاو ڕۆژی دووشەممە هەواڵی گواستنەوەیانی بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە ڕاگەیاندبوو.

لە لایەکی دیکەوە و هاوکات، سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراو کە پێشتر بە تۆمەتی "فساد فی الارض" لە ڕێگەی "بەرهەمهێنان و دابەشکردنی خواردنەوە کحولییە ژەهراویەکان لە کەرەج" دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری سزای سێدارەیان بەسەریاندا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج کە جێبەجێ کرا.

هەواڵنێری میزان، ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ ئاماژەدان بە ناسنامەی ئەو بەندکراوانە و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە نووسیویە، ئەم کەسانە بە بەرهەمهێنانی خواردنەوە کحولییە ژەهراویەکان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ١٧ کەس و ژەهراویکردنی ١٩١ کەسێکی دیکە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەم دۆسیەیەدا هەریەکەیان سزای ٢٩ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێنراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە