مەریوان؛ عادڵ پیرووزی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١٩:١٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

عادڵ پیرووزی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەریوان لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو ساڵی ڕابردوو نزیک بە دوو مانگ دەستبەسەر کرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عادڵ پیرووزی، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی گوندی سەردۆشی سەر بە مەریوان، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

هەنگاو ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو عادڵ پیرووزی، لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی چاوپێکەوتن، پەیوەندی تەلەفۆنی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.

دەستبەسەرکانی درێژماوەی ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشووە لە حاڵێکدا بوو کە باوکی و دایکی ناوبراو، هێزی جووڵەی پێشتریان لە دەست دابوو.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣، دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات لە مەریوان دەستبەسەر و ڕۆژی ٢٥ی بەفرانباری ئەو ساڵە بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرابوو.

عادڵ پیرووزی، پاییزی ٢٧١٨ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەم هاووڵاتییە پاییزی ٢٧١٩ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی و دوای تێپەڕینی شەش مانگ لە سزای بەندکرانەکەی، ڕۆژی ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ بە شێوەیەکی مەرجدار لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە