دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی کورد لە شاری بۆکان

٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١٠:٣٧

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

لانی کەم دوو هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی ئاکام ئەمینی و میلاد ناسری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە گوندی "کانی ڕەش" سەر بە شاری بۆکان دەستبەسەرکران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، لە ئاکامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر گوندی "کانی ڕەش"ی بۆکان دوو لاو بە ناوەکانی ئاکام ئەمینی و میلاد ناسری بەبێ نیشان دانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەرکران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە ئەم دوو لاوەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوونەتەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بێ وەڵام ماوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە