سنە؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی هاروون سەلیمی

٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١٤:١٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی سنە بەناوی هاروون سەلیمی لە سێ ڕۆژ پێشترەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، هاروون سەلیمی، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "شیان" سەر بە شاری سنە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەو هاووڵاتییە کوردەیان لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کردووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی لەو بارەیەدا بێ‌ئاکام ماوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە