بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەندیخانەی شاری بانە
هەنگاو؛ شەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
ئارام بەهائەدین و ڕەسووڵ ڕەزا شەریف، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری پێنجوێن سەر بە پارێزگای سلێمانی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوون، سەرجەم سزای ٢٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و تا ئێستاش لە بەندیخانەی ناوەندیی بانەدا ڕاگیراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوو هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی ئارام بەهائەدین خەڵکی گوندی"چاڵاو" و ڕەسووڵ ڕەزا شەریف خەڵکی گوندی "تەیمەز" سەر بە شاری پێنجوێنی هەرێمی کوردستان، لە دوو ساڵ پێشترەوە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بێ دەستڕاگەیشتن بە مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەی ئەو شارەدا ڕاگیراون..
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ئەو دوو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران بۆ ماوەی سێ مانگ لە دەستبەسەرگە و ژووری تاکەکەسی لەژێر سەختترین گوشارەکاندا بوون و هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا نەبووە و لە ئاکامدا لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی "هەوڵی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" هەر یەک سزای ١٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو سزایە دوای تەسلیم بە ڕای بۆ سزای ١١ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران بۆ هەر یەک لەو دوو بەندکراوە گۆڕدرا و لەو کاتەوە تا ئێستا بەبێ دەستڕاگەیشتن بە مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەکانی سنە و بانە بوون.
شايانی باسە کە، ئەو دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانیان لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش بوون.