ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک لە بەندیخانەی نووراوا

٦ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١٥:١٤

هەنگاو؛ یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی عەبدول نەزەری، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لەلایان دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا بوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی نووراوای پارێزگای لوڕستان جێبەجێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی عەبدول نەزەری تەمەن ٤٦ ساڵە، لە بەندیخانەی ناوەندیی نووراوا جێبەجێکرا.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، عەبدول نەزەری ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە ململانێیەکدا لەسەر زەوی کشتوکاڵی دەستبەسەر کرا و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا سەرەڕای ئەوەیکە بکوژی سەرەکی لەم ململانێیە دیار نەبوو، لە کۆتایدا دادگا سزای بەسەر ناوبراودا سەپاند.

تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە کە باوکی ٤ منداڵە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە