بەندیخانەی ئورمیە؛ نایب عەسکەری بەندکراوی سیاسی کورد سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٦ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ٢٢:٢٣

هەنگاو؛ یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

نایب عەسکەری بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە دوای پێداچوونەوەی دۆسیەکەی، سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، نایب عەسکەری بەندکراوی تەمەن ٤٨ ساڵی کورد کە لە سێ ساڵ پێشەوە دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، دوای ناردنی دۆسیەکەی بۆ لقی هاوئاست، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە سزای ١٥ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی بەسەردا سەپێندرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە، پێشتر لەلایەن هەمان لقی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە شێوەی غیابی بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و ئەم سزایە ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ بە پارێزەکەی ڕاگەیەندرا، ناوبراو مانگی ڕەزبەری هەمان ساڵ و بۆ جارێکی دیکە و بە گۆڕانی تۆمەتەکەی لە موحارەبە بۆ بەغی، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە سزای سێدارەکەی پشتراست کرایەوە.

نایب عەسکەری پێشتر لە هەرێمی کوردستان ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە و وەرگرتنی ئەماننامە لە لایەن سوپای پاسداران، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ (٢٤ی مارسی ٢٠٢١) خۆی بە ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە ناساندووە و دەستبەسەر کراوە، ناوبراو پێنج ڕۆژ پێشتر و هاوکات دوایین ڕۆژی ساڵی ٢٧٢٠ لەگەڵ ژن و منداڵەکەی گەڕابوویەوە زێدەکەی خۆی.

هەنگاو پێشتر لەم بارەیەوە ڕایگەیاندبوو: سپای پاسداران ئەماننامەکەی بە نووسراوە ڕادەستی بنەماڵەی عەسکەری نەکردووە و تەنیا بە شێوەی زارەکی و لە ڕێگەی خزمێکیانەوە ئەو کارەی کردووە و تەنانەت لە کاتی چوونەوەی نایب و بنەماڵەکەی بۆ ئورمیە ئەوان ئاگادار بوون. بەڵام ئێستا ڕایانگەیاندووە کە ئێمە ئەماننامەمان نەداوە.

نایب عەسکەری دوای سێ مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە و لە کاتێکدا بە سەختی ئەشکەنجە کرابوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە لە مافی مەرەخەسی بێبەشە.

شایەنی باسە، ئەم بەندکراوە سیاسییە، گورچیلەکانی بەردیان هەیە و سەرباری ئەوەش ئازاری گەدەی هەیە و ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ لە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی بەندیخانە خەوێندرابوو و بەهۆی هەبوونی بەرد لە گورچیلەکانی لەژێر چاودێری دەرمانی بووە. بەڵام گورچیلەی ناوبراو بەردسازە و بەهۆی ئەوەی ئاوی خواردنەوەی بەندیخانەی ئورمیە باش نییە، نەخۆشییەکەی سەری هەڵداوەتەوە.

ژنی نایب عەسکەری لە ماوەی دەستبەسەرکرانی دوو گیان بووە و سەڕەرای بارودۆخی تایبەتی بنەماڵەکەی و نەخۆشی ناوبراو گرنگی پێنەدراوە و بە شێوەیەکی بەردەوام لە مافی خۆی بێبەش کراوە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بێبیشکرانی لە خزمەتگوزاری پزیشکی لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە مانی لە خواردن گرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە