سزای سێدارەی جەمشید شارمەهد هاووڵاتیی ئێرانی-ئەڵمانی بە نهێنی جێبەجێ کرا

٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ٢٣:٠٢

هەنگاو؛ دووشەممە، ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

بە پێی ڕاگەیاندنی فەرمیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد هاووڵاتیی ئێرانی-ئەڵمانی کە مافی نیشتەجێی هەمیشەیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەبوو، جێبەجێ کرا. ناوبراو لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە سەرەتاییترین مافەکانی تۆمەتبارێک، بێبەش بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد، بەندکراوی تەمەن ٦٩ ساڵ، دوای ٤ ساڵ بەندکرانی بە نهێنی جێبەجێ کرا. میدیاکانی حکومەت زانیارییەک وردیان لەسەر شوێنی جێبەجێکرانی سزاکەی بڵاونەکردووەتەوە.

هەنگاو ئەم کوشتنە حکومەتییە لە دوای ڕفاندن و چڕبوونەوەی دۆسیەسازی و ناڕوونی کۆماری ئیسلامیی لە دۆسیەی جەمشید شارمەهد بە توندی ئیدانەی دەکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تایبەت حکومەتی ئەڵمانیا دەکات کە وڵاتی ئێران لەسەر ئەم بارمتەگرتنە کە دەرئەنجامی ماوەیەکی درێژخایەن ژووری تاکەکەسی و دۆسیەسازی چڕدا بووە، وەڵامدەر بکات.

پێگەی هەواڵی "میزان" کە سەر بە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە جەمشید شارمەهد "لەژێر پشتیوانی و پاراستنی ئاڵۆزی ئیتلاعات"ی ئەورووپا و ئەمریکادا بووە.

پێشتر جەمشید شارمەهد لەلایەن دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی ئەبولقاسم سەڵەواتی ناسراو بە دادوەری مەرگ بە تۆمەتی وەک "فسادی فی الارض، پلاندانان و ئاراستەکردنی کردەوەی تیرۆریستی و بۆردومان" سزای لەسێدارەدانی بەسەریدا سەپێنرابوو.

بە لەبەرچاوگرتنی تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل" بە جەمشید شارمەهد لە ڕابردوودا و جێبەجێکرانی سزای سێدارەدانی ناوبراو دوو ڕۆژ دوای هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەوترێت کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بووەتە قوربانی ئەم گرژییە.

پێشتریش غەزالە شارمەهد، کچی جەمشید شارمەهد، ڕایگەیاندبوو کە "پارێزەری تاسخیری وتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دۆسیەی باوکت ١٥ بەرگ دەبێت، ناتوانم هیچ شتێکی تر لە دادگادا بکەم جگە لەوەی لە تەنیشت باوکت دابنیشم و بێدەنگ بم".

هەروەها دەشڵێت: "ئێمە پارێزەرەری خۆمانمان ناساند بەڵام دادوەری دادگا بۆ چەند هەفتەیەک لە ڕێڕەوی دادگا دواخست و ڕێگەی نەدا بچێتە ژوورەکەیەوە".

جەمشید شارمەهد لە ناوەڕاستی هاوینی ٢٧٢٠ لەکاتی سەفەری بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندرا و بۆ ئێران گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە