بەندیخانەی قزڵحیسار؛ سزای سێدارەی بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو و مەهدی حەسەنی، بەندکراوانی سیاسی جێبەجێ کرا

هەنگاو؛ یەکشەممە ۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و مەهدی حەسەنی، دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی قزڵحیسار جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۷ی جولای ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی مەهدی حەسەنی، تەمەن ۵۳ ساڵ و بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو، تەمەن ۶۵ ساڵ جێبەجێ کرا.
هەواڵنێری میزان، میدیای فەرمیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوە، بەبێ ئاماژە بە وردەکارییەکان ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ئەو بەندکراوانە لە چالاکییەکانیان "تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئەمنی" بووە.
داوای پێداچوونەوە بە سزاکانی ئەو دوو بەندکراوە لە ماوەی دە مانگی ڕابردوودا لانی کەم سێ جار لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە ڕەت کرابۆوە.
مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، مەهدی حەسەنی و بێهرووز ئێحسانی ئیسلاملوو لە لایەن لقی ۲۶ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق، موحاربە، بەغی، افساد فی الارض، کۆکردنەوەی زانیاریی چینبەندیکراو و پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی تۆمەتبار کرابوون.
مەهدی حەسەنی هاووڵاتیی خەڵکی تاران، ڕۆژی هەینی ۱۸ی خەرمانانی ۲۷۲۲ (۹ی سێپتەمبەری ۲۰۲۲)، لە کاتی چوونەدەرەوەی لە ئێران لە شاری زەنجان دەستبەسەر کرابوو و بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترابۆوە.
بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو، هاووڵاتیی دانیشتووی تاران ڕۆژی دووشەممە ۷ی سەرماوەزی ۲۷۲۲ (۲۸ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۲)، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ماڵەکەی خۆی لە تاران دەستبەسەر کرا و بۆ بەندی ۲۰۹ی بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە. ناوبراو وەرزی پاییزی ساڵی ۲۷۱۹ دوای بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پوویا بەختیاری، لە گیانبەختکردووانی ناڕەزاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەو ساڵە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.