گیانی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە مەترسیدایە؛ گواستنەوەی ناوبراو بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۸ی خاکەلێوەی ٢٧٢۵
حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی چالدێران بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە و گیانی لە مەترسیدایە. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە بە تەواوی پشتڕاست کراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسی تەمەن ۴۰ ساڵی کورد و خەڵکی گوندی "سەگریک"ی سەر بە شاری چالدێران لە ئارادایە. ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ۲۷ی خاکەلێوە بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە پارێزەری ئەو بەندکراوە سیاسییەیان ڕاگەیاندووە کە سزای سێدارەی ناوبراو، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ۲۹ی خاکەلێوە جێبەجێ دەکرێت.
هەندێک پێشتر، قیزبەست ڕووزدار، دایکی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وێڕای داوای یارمەتی بۆ ڕزگارکردنی گیانی منداڵەکەی کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، جارێکی دیکە لەسەر دۆسیەسازی دژ بەو بەندکراوە سیاسییە پێداگری کردبوو.
ناوەڕاستی مانگی پووشپەڕی ساڵی ۲۷۲۴، حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پکک) بەبێ نیشاندانی بەڵگەی پێویست و تەنیا بە "زانستی دادوەر" لە دادگایەکی چەند خولەکیدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو سزا لەئاکامدا لە لایەن لقی ۹ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە و ڕۆژی چوارشەممە ۶ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ (۲۶ی مارسی ۲۰۲۵)، بەشێوەی فەرمی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو ڕاگەیێندرا.
هەنگاو پێشتر بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو ڕایگەیاندبوو کە، ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا و تەنانەت لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش بووە.
حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە ماوەی دەستبەسەربوونی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەییدا بووە و لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو مافی چاوپێکەوتن بێبەش کراوە و تەنیا دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی هەبووە.
ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەی سەختی هێزە ئەمنییەکاندا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی دژ بە خۆی سەبارەت بە بەشداریکردن لە چالاکییەکی چەکداری دژ بە هێزە پاسەوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە کە کوژرانی لانی کەم ٨ کەس لەو هێزانەی لێ کەوتووەتەوە.
دادگا لە ژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە مستەفا نووری، برای هاوژینی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو ساڵی ٢٧١٥ لە کاتی کۆڵبەری لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراوە، و ئەو بەندکراوە سیاسییە بە بیانووی "تۆڵەکردنەوە" دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاکیی چەکداری کردووە.
حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٣ی ئەپریلی ٢٠٢٣) لە سنووری چالدێران لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور لەگەڵ چەند هاووڵاتیی ئەفغانستانی دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە چاڵدران گواسترایەوە. بە هۆی حوکمی دەستبەسەرکردنی ناوبراو لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات داواکارییەکەی بۆ دانانی بارمتە ڕەت کرایەوە و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ئورمیە گواسترایەوە.
ئەو هاووڵاتییە لە کۆتاییدا سەرەتای مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ بەندی ٢ی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترابۆوە.