ڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە

٢٩ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٢:١٤

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، لە کاتێکدا کە ماوەی ٤ ساڵ و ٨ مانگە لە دەستبەسەرییەکەی تێپەڕ کردووە تا ئێستا لە دەستپێڕاگەیشتن بە مافی مورخەسی بێبەش کراوە و دۆسیەسازی و دەرچوونی سزای سێدارە بەسەر ناوبراودا هەمووی لە ژێر ئەشکەنجە، هەڕەشە و دانپێدانانی زۆرەملێدا بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی کوردی تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی بانە کە لە ماوەی ٤ ساڵ و ٨ مانگی ڕابردوو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و بەندیخانەی ناوەندیی سنە بەندکراوە، تا ئێستا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە مافی مورەخەسی بێبەش کراوە، شایانی باسە کە ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی یەک ساڵی سەرەتای دەستبەسەرکرانەکەیدا تەنانەت لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، و بۆ ماوەیەکی زۆر لە مافی هەبوونی پارێزەر و چارەسەری پزیشکی بێبەش بووە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە خەرمانانی ٢٧٢٣ (سێپتەمبەری ٢٠٢٣) لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەم سزایە زستانی ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە.

یووسف ئەحمەدی ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٦ی ئەپریلی ٢٠٢٠) بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کرابوو و پاش تێپەڕاندنی ماوەیەکی زۆر لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە و تا یەک ساڵ لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بوو.

شایانی باسە کە، ئەم بەندکراوە سیاسییە لە حاڵێکدا کە بریندار بووە دەستبەسەر کرابوو، ئەم هاووڵاتییە پێش دەستبەسەرکردنی قوڵی شکابوو و لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دەماردا بوو، هەروەها سەرەڕای تووشبوونی ناوبراو بە نەخۆشی سەرع (فێ) لە ماوەی دەستبەسەرکرانەکەی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش بووە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، دۆسیەسازی دژی یووسف ئەحمەدی لە کاتی لێپرسینەوەدا لە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی، زۆرەمڵێ و هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ سەر کەسانی دەوروبەری بووە. وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەم هاووڵاتییە لە کاتێکدا بووە کە چەند بڕبڕەیەکی پشتی لە ژێر ئەشکەنجە شکاوە و بە هۆی لێدان بە کابلی کارەبایی چەند جار لە هۆش چووە. لە چەند حاڵەتێکدا تەنانەت بە مەبەستی دۆسیەسازی لە دژی یووسف ئەحمەدی، ژمارەیەک لە بەندکراوان هاندرابوون لە بەرامبەر ئازادیان ناوبراو تاوانبار بکەن.

سێ هاودۆسییەی دیکەی ئەم بەندکراوە بە ناوەکانی محەممەد کەریمی بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە بەغی" سزای ٢٥ ساڵ بەندکران، باست کەریمی و محەممەد فەیزی بە هەمان تۆمەتەوە هەر یەک سزای ٢٠ ساڵ بەندکران و سەرجەم ٦٥ ساڵ سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەم سزا قورسانە لە ١٢ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو بە ناوبراوان ڕاگەیێندرابوو.

شایانی باسە کە ئەم چوار هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکران لە سەرەتاییترین مافەکانیان وەکوو دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون و لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە