مەریوان؛ دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی عەلی ڕوحی
هەنگاو؛ دووشەممە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی عەلی ڕوحی (پشکۆ)، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی گوندی ئەنجوومەنی چیای سەوزی مەریوان، دوای بانگکرانی و سەردانی بۆ ئیتلاعاتی سوپای ئەم شارە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، عەلی ڕۆحی (پشکۆ) تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئەسراوا" سەر بە شاری مەریوان و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی گوندی ئەنجوومەنی چیای سەوزی مەریوان، دوای بانگکران و سەردانی بۆ ئیتلاعاتی سوپای ئەم شارە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران پەیوەندییان بە عەلی ڕوحی کردووە و هۆشدارییان داوە بە زووترین کات سەردانی ئەم دەزگا ئەمنییە بکات ئەگەرنا بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر دەکرێت.
شایانی باسە کە، سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە، هەوڵی بنەماڵەکەی بۆ زانینی چارەنووسی تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاری ورد سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکانی وەپاڵدراو، شوێن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەردەستدا نییە.