جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە شاری کەرەج

٨ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١٩:٤٧

هەنگاو؛ سێشەممە ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری کرماشان بە ناوی مروەتعەلی کەرەمی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا بوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی مروەتعەلی کەرەمی خەڵکی ناوچەی "باڵاوەند"ی کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کەرەج جێبەجێکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مروەتعەلی کەرەمی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا بوو. ناوبراو ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەر بۆ جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ ژووری تاکە کەسی گواسترابۆوە.

هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوە تاکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە