گواستنەوەی شەش بەندکراو بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە

٩ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ٢٢:٠٤

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

شەش بەندکراوی بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج بەناوەکانی محەممەد گەڵووسی، فەریبۆرز حەقی، عەلی حوسێنپوور، ڕەزا بەخت ئاوەر، مەیسەم جوودەکی و سەجاد پووردانش، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە گواسترانەوە. ئەو شەش بەندکراوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۸ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۳۰ی جولای ۲۰۲۵)، سێ بەندکراوی کورد بەناوەکانی محەممەد گەڵووسی خەڵکی کرماشان، فەریبۆرز حەقی خەڵکی نوورئاباد و عەلی حوسێنپوور خەڵکی کۆیەشت، هاوڕێ لەگەڵ ڕەزا بەخت ئاوەر و مەیسەم جوودەکی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی کەرەج و سەجاد پووردانش، هاووڵاتیی خەڵکی تاران بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج گواسترانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو شەش بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانە لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە