جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج
هەنگاو؛ یەکشەممە ۲۳ی سەرماوەزی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی دوو بەندکراوی خەڵکی کۆیەشت بەناوەکانی عەلی ئەیتیوەند و کیوومەرس بەهرامی لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج (نێدامەتگاە) جێبەجێ کرا. ئەو دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ۲۲ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۱۳ی دیسەمبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کۆیەشت بەناوەکانی عەلی ئەیتیوەند، تەمەن ۳۵ ساڵ و کیوومەرس بەهرامی، تەمەن ۲۹ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەلی ئەیتیوەند سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کیوومەرس بەهرامی دوو ساڵ پێش بە هەمان تۆمەت دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. شایەنی باسە کە، ئەو دوو بەندکراوە پێکەوە خزمن.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو دوو بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.