جێبەجێکرانی سزای سێدارەی شەش بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی محەممەد گەلووسی، فەریبۆرز حەقی و عەلی حسەین پوور، و سێ بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی ڕەزا بەختاوەر، مەیسەم جودەکی و سەجاد پوردانش لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێکرا. ناوبراوان پێشتر بە تۆەمەتە پەیوەندیدارەکان بە ماددەی هۆشبەر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی یەکشەممە ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی محەممەد گەلووسی خەڵکی کرماشان، فەریبۆرز حەقی خەڵکی نوورئاوا و عەلی حسەین پوور خەڵکی کۆیەشت، هەروەها ڕەزا بەختاوەر و مەیسەم جودەکی، هەردوو خەڵکی کەرەج، و سەجاد پوردانش خەڵکی تاران لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێکرا.
ئەم شەش بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەرکرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندرابوو.
هەنگاو حەوتووی ڕابردوو بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لەم بارەوە ئاگاداری دابوو کە ئەم بەندکراوانە لە مەترسی جێبەجێکرانی سزای سێدارەدان.
هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوانە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە لایەن میدیاکانی دەوڵەت بەتایبەت میدیاکانی نزیک بە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.