ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز

١٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ٠٠:٢٠

هەنگاو؛ چوارشەممە ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم سزای سێدارەی ٧ بەندکراو بریتی لە دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج و بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەستەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی لانی کەم سێ بەندکراو بە ناوەکانی محەممەد جەلالی خەڵکی کرماشان، سامان ئەنبەری و مستەفا غوڵامزادە خەڵکی یەزد لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی هەنگاو، مستەفا غوڵامزادە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و دوو بەندکراوی دیکە لە بەندی تایبەتی بەندکراوانی ڕەجایی شار لەسێدارە دراون کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

لە لایەکی دیکەشەوە، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەزەڵوەر (٢٩ی ئۆکتۆبەر)، سزای سێدارەی لانی کەم چوار بەندکراو بە ناوەکانی محەممەد نەدای، عەلی ئەکبەر ئەخایەر و ئەکبەر خوڕەمتاج لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.

محەممەد نەدای، عەلی ئەکبەر ئەخایەر و ئەکبەر خوڕەمتاج، هەر سێکیان لە ٦ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و دواتر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەنگاو پێشتر هەواڵی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی مروەتعەلی کەرەمی خەڵکی ناوچەی "باڵاوەند"ی کرماشان لە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە و لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەجی ڕاگەیاندبوو.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە