جێبەجێکرانی سزای سێدارەی عەلی فەزا دووستیانی، سوهراب حەیدەری و سەعید عەباسی لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج، قۆم و کرماشان

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۸ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی سێ بەندکراوی خەڵکی شارەکانی کرماشان، ڕەی و ئەلیگودەرز بە ناوەکانی عەلی فەزا دووستیانی، سوهراب حەیدەری و سەعید عەباسی لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج، قۆم و کرماشان جێبەجێ کرا. ئەو سێ بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۲۶ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ (۱۵ی ئەپریلی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی عەلی فەزا دووستیانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.
عەلی فەزا دووستیانی ۶ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوکات سزای سێدارەی سەعید عەباسی، بەندکراوی لوڕی تەمەن ۲۵ ساڵ و خەڵکی ئەلیگودەرز لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (بەندیخانەی دیزڵئاوا) جێبەجێ کراوە. ناوبراو دوو ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان کاتدا، سوهراب حەیدەری خەڵکی شاری ڕەی سەر بە پارێزگای تاران، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی قۆم لەسێدارە دراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو سێ بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.