سنە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی کەیوان محەممەدی لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ چوارشەممە ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣
کەیوان محەممەدی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە و برای کیومەرس محەممەدی، کە ١٧ ساڵ پێش بە تۆمەتی ئەمنییەتی لە سێدارە درابوو؛ ماوەی یەک مانگە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە لە دەستێکی چوونە ژوورەوەی ئەم شارە دەستبەسەر کرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، کەیوان محەممەدی، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی گوندی شیان سەر بە سنە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە سنە دەستبەسەر کرابوو.
دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە هاوکات لەگەڵ هێرشی مووشەکیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و دە ڕۆژ پێش ساڵڕۆژی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی براکەی، کیومەرس محەممەدی بووە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی کەیوان محەممەدی، ناوبراو کاری شۆفێری دەکات و لە کاتی گواستنەوەی باری بەرهەمی کشتوکاڵ لە شاری کامێرانەوە بۆ گۆڕەپانی سەوزەفرۆشیی سنە، لە دەستپێکی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.
ئەم هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکرانەکەی تەنیا جارێک لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی، بنەماڵەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە لە دەستبەسەری دایە.
کیومەرس محەممەدی، برای کەیوان محەممەدی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٠٧ (١٨ی فێوریەی ٢٠٠٧)، لەگەڵ ئامۆزاکەی، نادر محەممەدی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای شارام فەری سنەوە دەستبەسەر کرابوون.
ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٠٨ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٠٧)، ئەم دوو تۆمەتبارە سیاسییە لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگای هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات و ئەندامییەتی حیزبی دێموکرات و دەستنیشانکردن و تیرۆری کەسانی دڵسۆز بە کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەم حوکمە دوای دوو ڕۆژ لە پشتڕاستکردنی لە لایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٠٨، لە بەندیخانە ناوەندیی سنە جێبەجێ کرابوو.