جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی نەغەدە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی واحید بێنامی خەڵکی شاری پیرانشار کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە جێبەجێ کرا. بەرپرسانی بەندیخانە کاتژمێر دووی سەرلە بەیانی بنەماڵەی ئەم بەندکراوەیان ڕەوانەی ماڵەوە کردووە و وتوویانە کە سزاکە جەبەجێ نەکراوە، بەڵام کاتژمێر ٨ی بەیانی پەیوەندییان گرتووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە بۆ وەرگەتنی تەرمەکەی سەردانی بەندیخانە بکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلە بەیانی پێنجشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی واحید بێنامی تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی پیرانشار لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە جێبەجێ کرا.
هەنگاو زانیویەتی کە، واحید بێنامی ٨ ساڵ پێش بە هۆی ئەوەی کە ٢٦٠ گرەم مادەی هۆشبەر لە جۆری شیشەی پێبووە دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنداربوو.
بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی بێنامی، بەرپرسانی بەندیخانە کاتژمێر دووی سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ بە بنەماڵەی ناوبراو کە لە پێش بەندیخانە بوون وتوویانە کە "شانۆ بووە و بۆ دروستکردنی ترس چووەتە سەر دار و سزاکە جێبەجێ نەکراوە" و هەروەها ویستوویانە بگەڕێنەوە بۆ ماڵ. بەڵام کاتژمێر ٨ی بەیانی پەیوەندییان پێوە گرتوون و داوایان کردووە بۆ وەرگرتنی تەرمی منداڵەکەیان بچنە بەندیخانە.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان و بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.