قوروە؛ تەیموور خالیدیان، چالاکی مەدەنی دانیشتووی مەلایێر بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا

٣١ خەرمانان ٢٧٢٥، ١١:٥٨

هەنگاو؛ دووشەممە ۳۱ی خەرمانانی ۲۷۲۵

تەیموور خالیدیان، هاووڵاتیی کورد و لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی دانیشتووی شاری مەلایێر سەر بە پارێزگای هەمەدان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی قوروە گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۳۰ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۲۱ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، تەیموور خالیدیان، تەمەن ۳۶ ساڵ، خەڵکی قوروە و دانیشتووی مەلایێر بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی قوروە گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەیموور خالیدیان ڕۆژی یەکشەممە دوای بەڕێوەچوونی دادگاکەی لە شاری سریش ئابادی قوروە، بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژ بە کۆماری ئیسلامی» دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی قوروە گواسترایەوە.

شایەنی باسە کە، تەیموور خالیدیان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ۲۷۱۷ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ۲۰ ڕۆژ دواتر بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو. ناوبراو لەئاکامدا لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەلایێر بە سەرۆکایەتیی دادوەر بێهنام ڕەزاوەندی سزای ۲۰ مانگ بەندکران و ۳ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتر لە ماوەی ساڵەکانی ۲۷۱۵ و ۲۷۱۶ بەهۆی ناردنی هەواڵی بەندیخانەی مەلایێر بۆ میدیا مافی مرۆڤییەکان دەستبەسەر کرابوو.

شایەنی باسە کە، ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتر ئەشکەنجەکردن و دەستدرێژیی سێکسی لە کەلانتەری ۱۲ی پاسدارانی مەلایێر ئاشکرا کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە هێزەکان بە فەرمانی «خراپتر لە کەهریزەک» بەکۆمەڵ لە ناوبراویان داوە و بە باتوم ئازاریان داوە؛ کە بووەتە هۆی خەساری جددیی جەستەیی و دەروونی بۆ ئەو چالاکە مەدەنییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە