سنە، دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی عیزەتوڵڵا زەینەلپوور
هەنگاو؛ سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
عیزەتوڵڵا زەینەلپوور، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و بە تێپەڕبوونی یەک مانگ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی ١٥ی ڕەبەزی ٢٧٢٤ (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، عیززەتوڵڵا زەینەلپوور، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سنە، دوای گەڕانەوە لە کوردستان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیارە گواستراوەتەوە و بە تێپەڕبوونی یەک مانگ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە، تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و دامەزراوە ئەمنییەکانیش لە وڵامدانەوە لەو بارەیەدا بە بنەماڵەی ناوبراو خۆ دەبوێرن.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییەکی کوردە لەبەر دەستدا نییە.