سنە؛ گواستنەوەی شێرکۆ مەعرووفی بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی
هەنگاو؛ سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
بەندکراوێک بە ناوی شێرکۆ مەعرووفی خەڵکی بانە کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، شێرکۆ مەعرووفی، بەندکراوی خەڵکی بانە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە و مەترسی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی لە ئارادایە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
بەرپرسانی بەندیخانە بە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییەیان ڕاگەیاندووە کە سزای لە سێدارەدانی شێرکۆ مەعرووفی، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەر جێبەجێ دەکرێت.