ڕاپۆرتێک لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی حەمید بابایی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە
هەنگاو؛ دووشەممە، ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری سەحنە بە ناوی حەمید بابایی، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی حەمید بابایی، خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم بەندکراوە پێنج ساڵ بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە، بڵاو نەکراوەتەوە.