سەوڵاوا؛ دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتی کە یەکێکیان منداڵە
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
منداڵێکی کورد بە ناوی سینا ئەسەدی حەکیم و سێ هاووڵاتی دیکە بەناوەکانی جەعفەر ئەردەلان، حەمید ساڵحی نژاد و محەممەد کەریمی بە بەکارهێنانی توندووتیژییەوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە سەوڵاوا دەستبەسەرکران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٥ خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سینا ئەسەدی حەکیم تەمەن ١٥ ساڵ، حەمید ساڵحی نژاد تەمەن ٢٧ ساڵ، محەممەد کەریمی تەمەن ٣١ ساڵ و جەعفەر ئەردەلان تەمەن ٤٠ ساڵ، هاووڵاتیانی خەڵکی گوندی "دێوزناو" سەر بە شاری سەوڵاوا دەستبەسەرکران.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییانە لە ماڵی خۆیاندا بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکراون.
سینا ئەسەدی حەکیم، جەعفەر ئەردەلان، حەمید ساڵحی نژاد و محەممەد کەریمی دوای دەستبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان لەبەر دەستدا نییە.