ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی قووچان و تاران
هەنگاو؛ شەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥
لانی کەم چوار هاووڵاتیی کورد لەوانە منداڵێک بە ناوەکانی مەهدی قولیزادە، محەممەدئەمین مەفتووعی، مووسا ڕەحمەتی و مەجید ئۆغازی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی قووچان و تاران دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٠ی ژانویەی ٢٠٢٦)، محەممەدئەمین مەفتووعی، منداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و لەژێر چاودێریی بێهزیستی و خەڵکی قووچان، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی مەشەهەد گواستراوەتەوە. بارمتەی پێنج ملیار تمەنی بۆ ئازادکردنی ئەم منداڵە دیاری کراوە.
مووسا ڕەحمەتی، خەڵکی گوندی «کەلاب»ی سەر بە بوجنوورد و دانیشتووی تاران، لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی ژانویەی ٢٠٢٦)ەوە دەستبەسەر کراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لە تاران وەک پەیکی ماتۆڕ کاری دەکرد. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم هاووڵاتییە دایک و باوکی کۆچی دوایییان کردووە و کەس نەبووە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی بکات.
هەروەها، مەجید ئۆغازی، ئەندازیاری کارەبا و زۆرانباز و خەڵکی قووچان، خێزاندار و باوکی منداڵێک، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ دەستبەسەر کرا و دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گواستراوەتەوە. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەممەدا دوای ٤٧ ڕۆژ دەستبەسەرکران، بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
مەهدی قولیزادە، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی قوچان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، بە پەنابردنە بەر توندوتیژی دەستبەسەر کرا و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئەمنییەوە بۆ بەندیخانەی قووچان گواستراوەتەوە.
ئەم چوار هاووڵاتییە لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان وەک مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان و هەروەها چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.